هاوڕێ کاکۆ عەلیار: مەبەستی سەرەکی لە ڕێکخستنی کۆنفرانسی «وەرشۆ» ڕاکێشانی سرنجی کۆمەڵگای نێونەتەوەییە بۆ ئاژاوەگێڕییەکانی ئێرانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!


وت و وێژی هاوڕێ كاكۆ عه‌لیار ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕادیۆ كورد تریبوناڵ ده‌رباره‌ی كۆنفرانسی وه‌رشۆ كه‌ بڕیاڕە‌ ١٤ و ١٥ی مانگی داهاتوو له‌ وه‌رشۆ پایته‌ختی وڵاتی له‌هێستان به‌ڕێوه‌ بچێت. 

ئه‌م كۆنفرانسه‌ له‌ ژێر ناونیشانی ئاسایش و ئه‌منییه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌شی ڕۆڵی تێكده‌رانه‌ی ئێرانه له‌ ناوچه‌كه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌ به‌راییه‌كان زیاتر له‌ ٧٠ وڵات بڕیاره‌ له‌و كۆنفرانسه‌دا به‌شدار بن، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی له‌هێستان ڕایگه‌یاندووه‌ دوو وڵاتی چین و ڕووسییه‌ بۆ ئه‌و كۆنفرانسه‌ بانگهێشت نه‌كراون.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه‌ ده‌قی وته‌كانی هاوڕێ كاكۆ عه‌لیاره -کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی-‌ له‌ وت و وێژ له‌گه‌ڵ ڕادیۆ كورد تریبوناڵ وێڕای به‌ڕێز مێهدی جه‌لالی تێهرانی کە له‌و به‌رنامه‌یه‌دا به‌شدار بوون.


پرسیار\ كوردتریبوناڵ- وه‌ك ده‌ستپێكی پرسیاره‌كان پێم خۆشه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی گشتیتان ده‌رباره‌ی ئه‌و كۆنفرانسه‌ بزانم، ڕەهەندەکانی گرینگی ئەو کۆنفرانسە چین؟!

هاوڕێ كاكۆ- لە ڕوانگەی جیاجیاوە دەکرێ تاوتوێ بکرێت. ئەم کۆبوونەوەیەی وەرشۆ کە بە دوای سەردانی مایک پۆمپێئۆ کە سەردانەی ئەم دواییەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەردانی بۆ کۆمەڵێک وڵاتی ناوچەکە و وتوێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە، کۆمەڵێک ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا دەیەوێ هەرچی زۆرتر سەرنجی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ئەوەی کە لە زانستی سیاسی دا پێی دەڵێن ”شەڕی دەروونی" بە جۆرێک سرنجەکان بەرەو ئێران ڕاکێشێت. ئێستا بۆچی وڵاتی لەهێستان بۆ شوێنی بەڕێوەبردنی ئەو کۆنفرانسە هەڵبژێردراوە؟! و بڕیارە چ باسێک لەوێ بێتە گۆڕێ، تەواو ڕوون نییە، بەڵام وا دەردەکەوێت کە ڕاکێشانی سرنجی کۆمەڵگای جیهانی بە پرسی ئێران وەک وڵاتێک کە هۆکاری ناسەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئێرانێک کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەیاندۆتە ئەم ڕۆژە. خاڵێکی گرنگی دیکە بە بڕوای من ناوی کۆنفرانسەکەی کە بە ”کۆنفرانسی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە". دەزانین کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەنشوورەکەی خۆیدا ئەسڵێکی هەیە بە ناوی ئەسڵی حەوتەم کە لەو بەشەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوەیە دەتوانێت بە پێی ئەو بەندە ئەگەر وڵاتێک ئەمنییەت و ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسییەوە، ئەنجوومەنی ئاسایش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک دژی ئەو وڵاتە دەر بکات و گەمارۆی ئابووری و سیاسی دژی ئەو وڵاتە بسەپێنێت و تەنانەت دواجار دەتوانێ هێرشی نیزامی بکاتە سەری. من ناڵێم کە لە بەردەم هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێرانین یان بەرنامەیەکی لەو شێوەیە هەیە، بەڵام ئەوەی کە لە ژێر ئەم ناوەوە بڕیارە ئەم کۆنفرانسە بەڕێوە بچێت، گرنگ و جێی سرنجە. وە ئەوەی کە لە ئۆروپا بەڕێوە دەچێت، وەک هۆکارێک بۆ گوشار خستنە سەر ئێرانە و وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئۆرووپا و بە تایبەتی بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان کە پشتیوانییەکی ئەوتۆیان لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێرانیان نەکردووە، گوشاریان بۆ بێ نێت، ئەگەرچی ئەوەی کە ئەوان بە نیازن لەو کۆنفرانسەدا بەشدار دەبن یان نا تا ئێستا ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی کە پێی دەڵێن ئۆرووپا نوێ یان ڕۆژهەڵات ئۆرووپا دەتوانن ببن بە هاوپەیمانی ئەمریکا و وێڕای عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل و باقی وڵاتانی ناوچەکە گوشارێکی بەهێزتر بخەنە سەر ئێران. 

پرسیاری بینەرێک؛ بە بڕوای ئێوە ئەگەر هاوتەریبییەکی گەورەی جیهانی دژی کۆماری ئیسلامی بێتە ئاواوە کە بوار بۆ ڕووخانی ڕژیم لەبارتر دەکات ڕۆڵی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران و بە تایبەتی حیزبی کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکرات لەم پێوەندەدا چییە و چۆن دەبێت؟ و ئەم حیزبانە بۆ لێک نزیکبوونەوەی زیاتر بۆ ئاڵترناتیوسازی لە پێوەند لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ڕەنگاوڕەنگی ئێرانی چی دەکەن و دەبێ چی بکەن؟

من سەرەتا شیکردنەوەیەکم هەبێت دەربارەی ئەو پانیک و ترسێک کە لە نێو بەشێک لە ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی دروست کراوە و ئەویش ئەوە کە هەر کات بڕیارە شتێک ڕوو بدات و کۆدەنگییەکی جیهانی بێتە ئاراوە، ئێستا مەبەستم ئەوە نییە بڵێم کۆدەنگی بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لە ئارادایە، بەڵام تاکوو کۆدەنگییەک، کۆنفرانسێک یان سرنجێک بۆ پرسی ئێران پێک دێت، بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن، ئاو دەڕێژنە ئاسیاوی کۆماری ئیسلامییەوە و بەداخەوە ئەم پەتا و نەخۆشییە درێژخایەی ئامریکا ستیزی و دژە ئەمریکایی بوون و دژە ڕۆژئاوایی بوونە دەست پێک دەکات دەچنە بەرەی کۆماری ئیسلامییەوە. بە بڕوای من و بە بڕوای ئێمە هەر چەشنە گوشار و زەختێک دژی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کە چالاکییەکانی ئەم ڕژیمە لە ناوچەکە بەرتەسک بکاتەوە، هەر کارێک هەر کۆنفرانسێک، هەر سیاستێک یان ڕێکەوتنێکی سیاسی هەر ئاست کە کاریگەری لە سەر بەرتەستکردنەوەی کۆماری ئیسلامی دا بنێت، پێم وایە دەبێ لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێشوازی لێ بکرێت. 

خاڵیکی دیکە کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەم و بە تایبەتی حیزبە کوردییەکان ئەوەیە کە ئەم حیزبانە زەرەمەندی دەستی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، دوو جار چاندنی بۆمب لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، موشەکبارانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە ئەنجامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە لە ناوچەکە و ئێمە لانی کەم لە کوردستان زەرەمەندین و خەسارمان بەرکەوتووە، ڕەنگە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە قەد ئێمە لە ناوچەکە خەساریان بەرنەوکەوتبێت، بەڵام ئێمە چونکە کەشی جوگرافیاییەکەمان لە ناوچەکەیە و ئێران تێیدا نفووزی زۆرە، لە هەمووان زۆرتر خەساردیتووتر و زەرەرمەندترین.

دەربارەی پرسیارەکەش پرسی ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا لە لایەن ئەمریکاوە هیچ کات نەهاتۆتە گۆڕێ و هیچ کات ئەمریکا -مەبەستم ئەم دەوڵەتەی ئەمریکایە-بە ڕاشکاوی و ڕاستەوخۆ باسی لەو بابەتە نەکردووە، بۆ ئەوەی ئێمە دەربارەی بدوێین. بە ئێستاشەوە سیاسەتمەدارانی ئەمریکایی باس لە گوشار هێنان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەکەن بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە وت و وێژ، ئایا کۆماری ئیسلامی ئامادەی وت و وێژ دەبێت یان گوشارەکان تا ئەو ئاستە بەردەوام دەبن تاکوو ئێران ناچار بە وت و وێژ بکەن؟! و ئایا ئێران دەچێتە پای مێزی وت و وێژ لەگەڵ ئەمریکا دەبێت چاوەڕوان بین، بەڵام دەربارەی بەشی دووەمی پرسیارەکەت کە حیزبە کوردییەکان دەیانەوێت چی بکەن؟ دەتوانم دەربارەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بدوێم، ساڵانێکە کۆمەڵە سەرقاڵی کۆمەڵێک چالاکی بووە لە پێوەند لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی. دەتوانم بڵێم کۆمەڵێک کۆنفرانسی هاوبەش، هاوپەیمانی و نزیکایەتی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆی ڕاست، ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست، ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەومان بووە، هەموو هەوڵمان ئەوە بووە کە سرنجەکان بەرەو لای پرسی کورد ڕابکێشین و خۆشمان ببین بە هۆکارێک بۆ لێک نزیکتر بوونەوەی ئۆپۆزیسیۆن و هەر ئێستاش لەو چالاکییانە بەردەوامین بۆ ئەوەی بتوانین کۆدەنگییەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە ڕەنگە لە ئێستای سیاسەتی ئێراندا وشەی ئاڵترناتیو بڕێک مەترسی دار بووببێت، بەڵام کۆدەنگییەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بێتە ئاراوە کە ببێت بە بەردەنگی خەڵک لە ئیران و هەمیش لە دنیای دەروە بۆ ئەوەی کە وڵاتانی جیهان لەگەڵی لە پێوەندی دا بن. ئێمە بۆ خۆمان لە کوردستان هەر ئەو کارەمان کردووە، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانمان پێک هێناوە، ساڵێک لە پێک هێنانی ئەو ناوەندە تێدەپەڕێ، ئەو مۆدێلەی ئێمە دەتوانێت سەرمەشقێکی باش بێت بۆ هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە بتوانێت دەربارەی خواست و داواکارییە هاوبەشەکان بگەنە ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتن و کار و چالاکی زۆرتر ئەنجام بدەن.

پرسیار- لەهێستان باسی ئەوەی کردووە کە ڕووسییە و چین لەو کۆنفرانسەدا بەشداری ناکەن، بە بڕوای ئێوە بەشداری کردن یان نەکردنی ئەم دوو وڵاتە لەو کۆنفرانسەدا چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

ئەگەر مێژوو پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە بەرچاو بگرین، پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت لە ڕووسییە، دوو جەمسەری بوونی جیهان کۆتایی پێهات و لە ڕاستیدا لە شەڕی کوەیت بوو کە ئەمریکا سیاسەتێکی یەک لایەنەی ڕەچاو کرد وەک گەورەترین زلهێزی جیهان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لانی کەم دەوڵەتانی ناوەچەیی توانیویانە لە هەندێک شوێنی جیهان توانیویانە گەشە بکەن، چین زۆر پێشکەوتووە و گەشەی بەرچاوی لە بواری ئابووری و سیاسەتدا بەخۆیەوە بینیوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان سیاسەتێکی ئەمپێریالیستیشی ڕەچاو کردووە، لە باکووری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ئاسیا وەک ئیمپراتۆڕێک هەڵسووکەوت دەکات. ڕووسییەش پاش تێپەڕاندنی کێشەکانی لە دەیەی ٩٠ی زایینی جارێکی دیکە بۆ شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەیی گەڕاوەتەوە. نامەوێ لە ئێستادا زۆری لە سەر بدوێم، هەر ئەوندە بڵێم کە چین و ڕووسییە دوو وڵاتی گرنگن کە لانی کەم لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستڕۆیشتوون. بینیمان کە ڕووسییە توانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد بپارێزێت و ڕۆڵی بەرچاوی بینی، دەتوانێ لە پێوەند لەگەڵ ئێران قسەی جیددی پێ بێت. بە هەر حاڵ بەشداری ئەو دەوڵەتانە کۆنفرانسانەدا گرنگە و وا دیارە لەو کۆنفرانسەدا دژ بە ئێران بەنیازن بەیاننامە و یان بڕیارنامەیەک دەر بکرێت، بۆیە دەوڵەتانی چین و ڕووسییە نایانەوێت لە کۆنفرانسێک دا بەشداری بکەن کە ئەگەری ئەوە هەبێت کە سیاسەتێکی دیاریکراو لە بەرامبەر ئێراندا ڕەچاو بکرێت. بیریشمان نەچێت کۆنفرانسی وەرشۆ کە بە نیازە بەڕێوە بچێت، بە نەریتی ساڵانە لە مانگی فێورییەدا کۆنفرانسی ئەمنییەتی مونیخیش بەڕێوە دەچێت، دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەمریکا بە نیازە لە ڕێگەی بەڕێوە بردنی ئەو کۆنفرانسە، سرنجی کۆنفرانسی ساڵانی مونیخیش بەرەو لای ئێران ڕابکێشێت. من ناڵێم پرسی ڕژیم چێنج لە ئارادایە یان بە نیازی ڕەچاوکردنێکی تایبەتن، بەڵام ئاشکرایە کە دەیانەوێت زۆرتر لە جاران سرنجەکان بەرەو لای ئێران ڕابکێشن. بە بڕوای من هێشتا زووە چین و ڕووسییە بیانەوێت لەگەڵ ئەمریکا یان ئەو وڵاتانەی دژی ئێرانن هاوتەریب ببنەوە. دەبێ چاوەڕوان بین کە بەرژەوەندی وڵاتان بە چ ئاراستەیەک دا دەڕوات.

بەشداری پێ دان یان بەشداری نەدانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە وەها کۆنفرانسێک کە دژی کۆماری ئیسلامییە، ئایا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش بەشدار دەبن و ڕوانگەی ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟

نا بە بڕوای من ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەشداری پێ نادرێت و یان زۆر پێوەندییەکی کرداری و ئۆبجێکتیڤی بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانەوە هەیبێت، بەڵام ئەوەی ڕەنگە لە حافزەی مێژووی خەڵکدا دەمێنێتەوە، لەوانە  کۆنفرانسی گوادلۆڤ زۆری باس لێوە دەکرێت یان لە پرسی عێراقدا بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆنفرانسی لەندەن و کۆنفرانسی سەلاحەدین. بە گشتی زۆرتر لەگەڵ ئەو کۆنفرانسانە بەراورد دەکرێت. ئەوەش. بڵێم کە پێوەندییەک هەیە لە نێوان سیاسەتی ئەمریکادا هەیە کە ئەگەر ویستبێتی دەربارەی وڵاتێک بڕیاڕێک دەربکات، بە وەها کۆنفرانس گەلێکەوە دەست پێ دەکات و بەرە بەرە سرنجەکان بەرەو ئەو وڵات ڕادەکێشێت و گرووپ گەلی ئۆپۆزیسیۆن لە دەوری یەکتر کۆ دەکاتەوە. دیارە ئەگەری ئەوەش ڕەت ناکرێتەوە، بەڵام ئەوەی پێوەندی بەو کۆنفرانسەی وەرشۆوە هەیە، هەروەک پێشووتریش باسم کرد ئامانج لێی ڕاکێشانی سرنجی کۆمەڵگای جیهانییە بەرەو ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی کە بڕیاڕە کۆنفرانسی هاوشێوەی کۆنفرانسی لەندەن بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەڕێوە چوو، زانییارییەکم نییە، بەڵام ئەوە بڵێم کە لە جیات ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن زۆرترین سرنجی خۆی بداتە ئەو کۆنفرانسە، باشتر وایە لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و لانی کەم ماف و داواکارییەکانی خۆیان بۆ داهاتوو فووڕموولە بکەن و ئەرکی سەرەکی خۆیان کە بریتییە لە ڕێبەری کردنی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆ ئەنجام بدەن، بە بڕوای من ئاواش باشتر دەتوانن سرنجی ئەمریکا و جیهانیش بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە مانگرتنە گشتییەکەی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵی بکەم، ئەگەر حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران، لە دەوری یەکتر دانەنیشتبایەن و پێکەوە ئەو ڕاگەیاندنەی کە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات مان بگرنیان نەدابایە، هەرگیز ئەو مانگرتنە سەرتاسەری و گشتییە ڕووی نەدەدا و هەر حیزبێک بە تەنیا بیەوێ وەها کارێک بکات، دەستکەوتێکی ئەوتۆی نابێت. کاتێک حیزبەکان لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە و پێکەوە ناوەندێکی گشتی پێک دێنن، خەڵک بەرەو پیری داواکارییەکانیانەوە دەچن. بە بڕوای من ئەمە نموویەکی باشە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە لە دەوری یەک کۆببنەوە و لە سەر خاڵە گرنگ و سەرەکییەکان لە سەر ڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامی لە سەر دێمۆکراسی کە هەمووان لە سەری کۆکن بگەنە ڕێکەوتن و خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران ڕێبەری بکەن و هەر ئەوەش ئەرکی سەرەکی ئەوانە نەک ئەوەی بێن و گلەیی بکەن کە بۆچی لەم کۆنفرانس یان ئەو کۆنفرانس بەشداری پێ دراون یان نەدراون و یەکێکی تر بڵێت هەر کەس جنێو بە کۆنفرانسی وەرشۆ نەدا خائینە! ئەوە کاری ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی نییە.



ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:10:06/02/2019