شەڕ، وت و وێژ یان تەسلیم بوون؟ ئەمریکا «ئێران خاتوون»ی دەوێت!

ئەردەڵان فەرەجی

هەموو جیهان تامەزرۆیە بزانێت گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە کوێ دەگات و ئایا شەڕ لە نێوانیان دا هەڵدەگیرسێت یان نا؟

سەرەڕای ئەوەی کە ئێران و ئەمریکا لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لە پێنج قۆناغدا کەوتوونەتە وت و وێژ و دان و ستان، بەڵام لە ڕاستیدا شەڕی ئێران و ئەمریکا چوار دەیەیە دەستی پێکردووە.

بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر کاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئێران هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا بوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم هاوپەیمانەتییە خاڵی بەهیزی ئەمریکا بوو لە جیهاندا، بەڵام بە دوای هاتنە ئارای کێشەی نەوت لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە سەر نرخی نەوت و وزە، ڕۆژئاواییەکان لە پشتیوانی کردن لە ڕژیمی شا ساردبوونەوە و سەرەنجام وای لێهات کە ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران ڕووخا. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە بێ مەیلی ڕۆژئاوا بۆ پشتیوانی کردن لە ئێران تەنیا هۆکاری ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی بوو، بەڵکوو کۆمەڵێک فاکتی ناوخۆییش لە ئارادا بوون.لە سەردەمی پاشایاتی بە هۆی ترس لە کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستەکان لە بناگوێی یەکێتی سۆڤییەتی ئەو سەردەم، دژایەتی زۆری چەپەکان کرا لە ئێراندا و هەموو هەوڵی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی شا لەناو بردن و پەرتەوازە کردنی ئۆپۆزیسیۆنی چەپ بوو و لەو کەش و هەوایەدا ئیسلامیستەکان بە سەرکردایەتی «خومەینی» سرنجی وڵاتانی ڕۆژئاواییان بەرەو خۆیان ڕاکێشا و وای کرد کە ببنە ئاڵترناتیڤ و جێگرەوەی ڕژیمی شا لە ئێران و دار و دەستەی خومەینیش ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان پاش پاکتاوکردنی هەموو ئازادیخوازان لە ئێراندا چەسپاند. هەر زۆر زوو نێوانی کاربەدەستانی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە تاران لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان و بە تایبەتی ئەمریکا تێک چوو. هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و دیپلۆماتە ئەمریکاییەکانیان بە بارمتە گرت. ئێرانێک کە تا دوێنێ هاوپەیمانی ئەمریکا بوو لە ئەنجامی سیاسەتی دژە ئەمریکایی بوون خومەینی و ئیسلامیستەکان کەوتە باوەش و بازنەی هاوپەیمانییەتی ڕووسیاوە. ڕووسیای ڕکابەری ئەمریکا لە سەردەمی دوو جەمسەری بوونی جیهان و پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەتیش.

هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئێران و سامانە سەرزەمینی و ژێرزەمینییەکانی ئێران، وای کردووە هەموو کات سرنج و حەزی وڵاتانی جیهان بەرەو لای ئێران بێت و هەمووان و لە سەروو هەموویانەوە زلهێزەکانی جیهان لە هەوڵی ئەوە دا بوون ئەو وڵاتە بهاوێژنە ناو بازنەی هاوپەیمانی خۆیاندا و یان بهێڵنەوە.

ئەوەی ئاشکرا بوو کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە بازنەی هاوپەیمانانیئەمریکا چووە دەرێ و بە ئۆردووگای بەرامبەر پەیوەست بوو. بە پشتیوانی سەردەمدارانی ئۆردووگای رکابەر خەونی ئیمپریالیزمی و زێدەخوازی ئێرانی ئیسلامی گەشایەوە و دەستی کرد بە پەل و پۆ هاویشتن. بە پارە و داهاتی خەڵکی ئێران وەک ئۆختاپووس دەستیان بۆ هەموو ناوچەکە و تەنانەت بۆ جیهانیش درێژ دەکردەوە، بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامییان گەڵاڵە کرد و خستیانە بواری جێ بەجێ کردنەوە، هەڕەشەی لەناوبردنی وڵاتی ئیسرائیلیان کرد و مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلیان کردە کۆڵەکەی سیاسەتی دەرەوەوەی خۆیان و لەوپێناوەدا یان دامەزرێنەری گرووپە جیهادی و شەڕکەرەکانی بوون دژی ئەمریکا و ئیسرائیل یان پشتیوانییان کردن، شەڕی شێعە و سونییان ڕێ خست و بوونە هۆی توند بوونەوەی دوو جەمسەری فێندمنتالیزمی ئیسلامی لە هەر دوو ئایینزاکەدا، بەم بیر و هزر و ئایدۆلۆژییەوە بەتەرخان کردنی بە میلیارد دۆلار لە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دابوون و لەو پێناوەشدا هەموو ئەو پارەیەیان بەفیڕۆ دا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمانکاتد خەڵکی وڵاتەکەی خۆی سەرکوت و دەمکوت کرد و دەکات، گەنج و لاوەکانیانی دەکات بە پەتی سێدارەوە، ژنانی بە یاسا کردووە بە مرۆڤی درەجە دوو، نەیارانی سیاسییان تیرۆر کرد و یان لە سیاچاڵەکان فەوتاندیانن، خەڵکیان لە فەقیری و هەژاری و ڕەزاڵەتدا هێشتەوە و بەردەوام ویست و ئارەزووەکانیان کوشت، سنووری ئازادییەکانیان بەرتەسک و بەرتەسکتر کردەوە، هەموو داواکارییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیان بە سیاسی لێکدایەوە و سەرکوتیان کردن، بۆ پارێزگاری کردن لە خۆیان شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراقیان ٨ ساڵ درێژ کردەوە، بە میلیۆن خەڵکی ئێرانیان بە کوشت دا، کەم ئەندامیان کردن و ئاوارەییان پێ بەخشین. بەکوردی و کورتییەکەی دیاری ئەم ڕژیمە بۆ خەڵکەکەی و خەڵکانی ناوچە و بگرە جیهانیش جگە لە شەڕ و ئاژاوە و نەهامەتی شتێکی دیکە نەبوو.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو وڵاتە لە هەموو هەوراز و نشێوەکانی پێوەندی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئێران، یەک ئەجێندایان هەبووە و ئەویش دەرهاویشتنی ئێران لە بازنەی هاوپەیمانی ڕەقیب و کردنی بە دۆست و هاوپەیمانی خۆیان بووە. ڕۆژێک بە هەڕەشە، ڕۆژێک وتوو وێژ، ڕۆژێک گەمارۆ، ڕۆژێک موسامحە و هەڵکردن و هەر ڕۆژە و هەر سەردەمە و بە ئاراستەیەک، بەڵام تاکوو ئێستا ڕژیم و نیزامی سیاسی زاڵ بە سەر ئێراندا، لەمپەر بووە لە بەردەم ئەم خواست و ویستەی ئەمریکا.

لە ئێستادا گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا گەیشتۆتە لوتکە. ئایا شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا ڕوو دەدات؟ وت و وێژ دەکەن؟ ئایا ئێران١٢ مەرجەکەی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی گفت و گۆکان، قبووڵ دەکات؟ لە ئێستادا کە دوو جەمسەری دەمارگرژی ناو بازنەی دەسەڵاتی هەر دوو وڵات هەڕەشە لە یەکدی دەکەن بۆ یەکلای بوونەوە پرسە و کێشەکانی نێوانیان، چی ڕوو دەدات؟

ئەمریکا دوو بژاردەی هەیە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا ئەوانیش بریتین لە: شەڕ یان وت و وێژ، بەو مەرجانەی کە ڕایگەیاندووە. بەڵام لە بەرامبەردا خامنەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەر دوو بژاردەکە ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە نە شەڕ ڕوودەدات و نە وت و وێژ دەکرێت و پێی وایە کە وت و وێژ کردن لە ئیستادا «ژەهر»ە و تاکە بژاردەی ئەو بریتییە لە «خۆڕاگری!.»

ئەمریکا بۆ سەلماندنی هێژێمۆنی خۆی بە سەر هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی پێویستی بە ئێرانە. لە ماوەی پێنج بازنەی پێشووی فەڕمانڕەوای جیهان کە بە «بازنەی درێژ»ناوزەد کراون، یەکەم جار پۆرتوگال، دواتر هولەند، سێهەم بریتانیا، چوارەم جارێکی دیکە بریتانیا و دواجار و لە پێنجەم خول دا ئەمریکا ئەم پۆستەی بووە. ئێستا ئاراستەی ڕووداوەکانی جیهان بەرەوە بەر یەک کەوتنێک دەچێت بۆ دیاریکردنی فەرمانڕەوای خولی شەشەمی جیهان.

لە گەرمەی دوو جەمسەری بوونەوەی جیهان واتە ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت، ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵ و شکستی ئۆردووگای بەرامبەر، پەنای بردە بەر چین و یان بە واتایەکی تر چینی لە بەرامبەر یەکێتی سۆڤییەتی جاران بەرجەستە کردەوە و تێشیدا سەرکەوتوو بوو. ئێستا چین وەک بڵێی دێوەکەی عەلائێدین لە چراکەی هاتبێتە دەر، ناچێتەوە ناو چراکە! و بۆتە رکابەر و ڕەقیبی ئەمریکا لە بواری سەربازی و ئابووریدا. ئەمریکا لە ئیستادا بە سەرۆکایەتی ترامپ بە ڕێنمای «هێنری کیسێنجێر» وەزیری دەرەوەی پێشوو و ستراتیژیستی بەناوبانگی ئەمریکا بۆ شکست دانی چین، لە ڕووسیا نزیک بۆتەوە. دانیشتنەکەی ساڵی پاری «ترامپ» و «پوتین» لە هێلسینکی فینلاند لەو ئاراستەیەدا بوو.هەندێک ڕێکەوتن و دان و ستان کرا لە نێوانیاندا، لەوانە ڕازی بوونی ئەمریکا بەوەی کە ڕووسیا لە سوریەدا بمێنێتەوە، بەخشینی نیمچە دووڕگەی کریمە بە ڕووسیا و ڕێکەتن لە سەر فرۆشی گاز بە ئۆرووپا بە هاوبەشی، لە بەرامبەدا ڕووسییە پشتی ئێران بەر دات. بەڵام بە چ ئامانجێک؟!

چین یەکێک لەو دەگمەن وڵاتانی جیهانە کە ئەزموونی گەشەی ئابووری دوو ڕەقەمی کردووە! واتە خێرایی گەشەی ئابوورییەکەی گەیشۆتە سەروو ١٠ دەرسەد، لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بووە بە جەمسەرێکی گەورەی وەبەرهێنان لە جیهاندا و بەهۆی ڕێژەی زۆری حەشیمەتی چین بۆ نزیک یەک میلیاد و چوارسەد میلیۆن کەس و هەرزانی هێزی کار لەو وڵاتە، چین بۆتە رکابەری سەرەکی ئەمریکا و لە ئەگەری بەردەوامی ئەو گەشە ئابوورییە بێ وێنەیەی، چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ پێش ئەمریکا بکەوێت. ئەمریکا لە دوو ڕێگەی سەرەکییەوە هەوڵی وەستانی ئەم خێراییەی گەشە کردنی ئابووری چین دەدات؛ یەکەم لە ڕێگەی شەڕێکی نەرم لەگەڵ چین لە ڕێگەی تەبلیغ و تەرویجی خۆشگوزەرانی بۆ چینییەکان و هاندانیان بەرەو کولتووری بەکاربەری و مەسرەف و سەرەنجام داتاشینی خەرجی بۆ کۆمەڵگای چینی و بردنە سەرەوەی خواست و داواکارییەکانیان کە چی دی بە حەقدەستی کەم، هێزی کاری خۆیان نەفرۆشن و دووهەم، بەرز کردنەوەی نرخی تێچووی دەسکەوتنی وزە. سەرچاوەکانی وزە بۆ چین بریتین لە؛ ئێران و ڤێنێزۆئێلا.

ئەمریکا پێی وایە بە دەست بە سەرداگرتنی سەرچاوەکانی نەوت و گازی ٢ وڵاتی ئێران و ڤێنێزۆئێلا و دیاری کردنی نرخی بەرز بۆ نەوت و گاز، دەتوانێت خێرایی گەشەی ئابووری چین کەم بکاتەوە و لەم ڕێگەیەوە بەردەوام بێت لە پاراستنی پێگەی خۆی لە ئاستی سیاسی و ئابووری و سەربازی جیهاندا بە پێیەی کە خۆی خاوەنی یەکی نەوتێکی زۆرە و پێویستی بە هاوەردەکردنی نەوت نییە.

پاش هەوراز و نشێوێکی زۆر لە ماوەی ئەم چەند مانگەی دوایی لە نێوان ڕووسییە و ئەمریکا سەرەنجام ڕووسییە لە ڕێگەی وتە بە ناوبانگەکەی پوتین هاوپشتی خۆی بۆ ئەمریکا پیشان دا کە وتی؛ «خۆ ڕووسییە ئاگرکوژێنەوە نییە لە هەر شوێنێک قەیران و ئاگر بوو، چارەسەری بکات و بیکۆژێنێتەوە.»

ئەوە پەیامێکی ڕوون بوو بۆ ئێران کە ئەگەر خەیاڵتان هەیە بە پشتیوانی ڕووسییە بەردەوام بن لە ئاکارەکانیان بۆ دژایەتی ئەمریکا، بزانن کە ڕووسییەتان لە پشت نییە!

ئەمریکا هەروەها بریتانیا و بە هەندێک تێبینییەوە یەکێتی ئۆرووپاشی لەگەڵ خواست و ئامانجەکەی هاوڕا و هاوهەڵوێست کردووە. لە بەرامبەردا چین بە ئاشکرا بەڵێنی بە ئێرانییەکان داوە کە بە بێ گوێ دان بە گەمارۆکانی ئەمریکا، بەردەوام دەبێت لە کڕێنی نەوت لێیان.

بە خستنە پاڵ یەکی پازێڵەکان وێنە گەورەکە دەردەکەوێت. ئەمریکا لەو شەڕ و ململانێیەی کە چاوەڕوان دەکرێت ڕوو بدات، پێویستی بە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەو مانایە کە هەر وڵاتێک لە چین یان ئەمریکا ئێرانیان بێت، وەک ئەوە وایە کە نیوەی گۆی زەوی هی ئەو بێت. بۆیە ئەمریکا هاتۆتە بەر دەرکی کۆماری ئیسلامی و داوای ئێران دەکات و دەڵێت؛ «من ئێران خاتوون»ـم دەوێت! لەشکەرکێشی ئەمریکا بۆ ناوچەکە و بناگوێی ئێران بۆ نیشاندانی هێزە بەرامبەر بە ئێران، ئامانجی ئەمریکا تەسلیم بوونی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە جا چ بە وت و وێژ بێت یان بە شەڕ. ئەگەرچی لەو نێوانەدا ئێران زۆرتر حەزی بە شەڕە و ڕەنگە بیەوێت شانسی خۆی بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا تاقی بکاتەوە وەک نموونەی ڤێیتنام. هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی عەرەبستان و ئیمارات و نۆروێژ یان تەقاندنەوەی لوولە نەوتییەکانی عەرەبستان لە لایەن دەست و پێوەندەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە یان خود موشەک هاویشتن بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا، مەیلی ئەم ڕژیمەیە بە شەڕ، بەڵام ئەمریکا مەیلی کەمتری بۆ شەڕ هەیە و پێی وایە لە ڕێگەی ئەم گوشارانەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە خواستەکەی دەگات.

ئاراستەی ڕووداوەکان بەرەو لاوازی زۆرتر و زیاتری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەچێت و گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکان هێزی سەرکوتی ڕژیمی لاواز کردووە و هەموو شتێک بۆ ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەن خەڵکەوە ئامادەیە.خەڵکی ئێران هەلێکی زێڕینیان لە بەردەمە بۆ دەربازکردنی «ئێران خاتوون» لە چنگی ڕژیمی نگریسی کۆماری ئیسلامی و جێی خۆیەتی بە ئەرکی مێژووی خۆیان بەرامبەر بە جیلەکانی داهاتوو هەستن.


ئه‌م بابه‌ته 533 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:53:02/06/2019