هه‌یئه‌تێكی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ له‌ كۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەشداری کرد


له‌ ڕێكه‌وتی ١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی كۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ستۆكهۆڵم، پایته‌ختی‌ وڵاتی سوئێد، به‌ به‌شداری كۆمه‌ڵێك له‌ كه‌ساییه‌تییه‌كانی ئاكادێمیك و پسپۆڕ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا به‌ڕێوه‌چوو و هه‌یئه‌تێكی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران پێكهاتوو له‌ هاوڕێیان كاكۆ عه‌لیار، ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندیی و مێهران عه‌باسیان، به‌رپرسی كومیته‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ سوئێد، به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حیزبه‌ به‌شداربوون. هاوڕێ كاكۆ عه‌لیار به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی كۆنفڕانسه‌كه‌ وتارێكی پێشكه‌ش كرد و سه‌رنجی به‌شداربووانی بۆلای بۆچوون و ڕوانگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ ڕاكێشا هه‌روه‌ها پاڵپشتی و پشتیوانی كۆمه‌ڵه‌ی بۆ ئه‌م ناوه‌نده‌ ڕاگه‌یاند و له‌سه‌ر ئه‌و باوڕه‌ بوو كه‌ له‌گه‌ڵ خواست و ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا هاوئاراسته‌یه‌. شایانی باسه‌، هه‌ندێكی دیكه‌ له‌ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌،‌ وه‌كوو تاك له‌ چوارچێوه‌ی وۆركشاپ و كۆمیسیۆنه‌كانی ئه‌م كۆنفڕانسه‌دا بانگهێشتكرابوون و ده‌وریان گێڕا.

كۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ ئامانجی كۆكردنه‌وه‌ی هێز و هزر و وزه‌ی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی هاوئاهه‌نگی و كاری هاوبه‌ش له‌نێوان ناوخۆ، باشوور و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌فه‌رمی ده‌ستبه‌كاربوونی خۆی ڕاگه‌یاند. ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ تێكۆشانی كومیته‌ی ئاماده‌كاری كۆنفڕانسه‌كه‌ كه‌ له‌ كه‌سانی خۆبه‌خش و سه‌ربه‌خۆ پێكهاتبوو هه‌ڵگیرا و به‌ مێتۆدێكی نوێ و زانستیی، له‌دوای ئاڵوگۆڕی بیروڕا له‌ چوارچێوه‌ی كۆمیسیۆن و وۆركشاپی تایبه‌ت به‌ پرسه‌ گرینگه‌كان، و دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانی داهاتوو، له‌‌ به‌ستێن و پرۆسه‌یه‌كی دێمۆكراتیكدا، جڤاكی گشتیی و ده‌سته‌ی كارگێڕی خۆی هه‌ڵبژارد.

جێگای ئاماژه‌یه‌ ئه‌م كۆنفڕانسه‌ له‌ كۆتایی كاره‌كانی خۆیدا، به‌پێی ده‌نگی ئه‌ندامان و به‌شداربوان، ناوی ناوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی بۆ درێژه‌دان به‌ كار و چالاكییه‌كانی له‌داهاتوودا هه‌ڵبژارد و به‌ سه‌ركه‌وتوویی‌ كۆتایی به‌كاره‌كانی خۆی هێنا.



ئه‌م بابه‌ته 333 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:31:20/10/2019