دەبێ بڕۆین بەرەو پێکهێنانی ئەرتەش و سپایەکی نەتەوەیی!

وتاری هاوڕێ «عەبدوڵڵا موهتەدی» سکرتێری گشتیی کۆمەڵە بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

دۆستان و هاوڕێیان بەخێرهاتنێکی گەرم و گوڕی هەموو لایێکتان دەکەم، بۆ ئەم بۆنەیە، ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە. ڕۆژی گیان بەختکردنی هاوڕێی خۆشەویستمان «سەعیدی موعینی» ناوسراو بە «خانە» کە دواتر ئەم ڕۆژە نێونرا ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە.  
دیارە لە زۆر بابەتەوە دەتوانین لەو ڕۆژر قسە بکەین و مێژووەکەی، شانازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، دەستکەوتەکانی، چ نەقشێکیان لە ٤٠ ساڵەی ڕابردوو دا گێڕاوە، پێموایە ئەوانە هەمووی بە نرخن بە تایبەتی بۆ نەوەی نوێ، بۆ نەسلی جەوان، زانینی ئەوانە پێویستە، بەڵام من تەنیا یەک دوو نوکتەی بچووک لەسەر ڕابردوو باس دەکەم و زۆرتری باسەکەی ئەوڕۆ تەرخان دەکەم. تێدەکۆشم لە دەرفەتە باسێک لەوە بکەم کە لە داهاتوودا دەبێ چ دەور و نەقشێکی هەبێ؟! من چەند جاری دیکەش ئەوەم بۆ ڕای گشتی باس کردووە کە یەکەم فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە لە خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، یەکەم فێرگەی پێشمەرگایەتی هەر پێشمەرگەیەک لە خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات ،کۆمەڵە دایناو لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە یارمەتی دوو تێکۆشەر کە بۆخۆیان لە شەڕی پارتی زانی بەشداریان هەبوو و لە تاران ڕا هاتن بۆ لامان یەکیان فارس بوو یەکیان عەرەب بوو، بە ناوی «فەرەیدوون» و بە ناوی «ئەبوو شاهین»، کە ئەبوو شاهین دواتر بە خۆشەویستی کاک فواد ناوی خۆی نا «فواد عەرەب» و خۆشی هاتە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە و دوایە لە شەڕی ٢٤ ڕۆژەی سنە دا گیانی لەدەستدا. بە یارمەتی ئەو دوو کەسە لە ڕێڕەوار و جەنگەڵەکانی «ئاڵوەتان» لە ناوچەی «سەردەشت» بەرەو «پیرانشار» لە قوڵایی ئەو جەنگەڵەدا بە نەهێنی دوو دەورەی پێشمەرگایەتی دامەزراوە. ئەمە یەکەم فێرگەی پێشمەرگایەتییە کە لە خاکی کوردستانی ئێران دابمەزرێ و مێژووی ئەو شانازییە بۆ کۆمەڵە بۆ هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە. دوو دەورە کادری پێشمەرگایەتی پەروەردە کردووە و باری هێناوە کە خۆشبەختانە بەشی زۆری ئەوانە ئێستا هەر ماون و بەشێک لەوانە ئێستاش خەریکی خزمەت کردن لە ڕیزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دان. بۆ چیش وابوو؟
ڕژیمی جمهوری ئیسلامی و شەخسی «خومەینی» تەحەمولی کوردستانێکی ئازاد و تەحەمولی کوردستانێک کە تێی دا مافی مرۆڤ هەیە، ئازادی هەیە، دێمۆکراسی هەیە، باسی مافی کورد دەکەن، باسی مافی ژن دەکەن باسی ڕێکخستنە جەماوەرییەکان دەکەن، ئەوە بۆ تارانێکی کە دەچوو کە باڵی ڕەشی بەسەر هوموو ئێراندا بکێشێ قابیلی تەحەمول نەبوو و درەنگ یا زوو هێرش دەکات و کردیشی. لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی سێ چوار مانگ دواتر دوای ئەوە کە فێرگەی پێشمەرگایەتی ئێمە کرایەوە. ئەو هێرشە، هێرشێکی بێ پاساو بوو بە شەڕێکی خوێناوی کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵی تەواو بە پانایی هەموو کوردستان، درێژەی هەبوو و ئەوە بۆخۆی مێژوویێکی گەورەو جێگای سرنجە.
 بۆیە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەتوانم بڵێم ئەوە نموونەیەک بوو دووهەمین شت ئەوە بوو وەختێک هێرشەکە کرا ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ لە ساعەت دوو، ساعەت دوو و نیوی دوا نیوە ڕۆ لە ڕادیۆ ئێرانەوە ئێمە فەرمانی هێرشی خومەینیمان بیست نەمانهێشتوە شەوی بەسەر دابێ کۆمەڵە نەیهێشتووە شەوی بەسەر دابێت، کۆمەڵە یەکەم هێز بووە کە فەرمانی مقاومەت و بەرەنگار بوونەوەی داوە، ئەویش شانازیێکی دیکەیە. دیارە ئێمە بێ ئیمکانات بووین زۆر کەم چەک بووین، فێرگەی پێشمەرگایەتی ئێمە توانیبووی ٦٠_٥٠ کەسێک بە هەموویەوە پەروەردە بکات کە لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە هاوڕێیانمان هێنابوو کادرمان بۆ ئەم دەورەیە هێنابوو، بۆیە قابلی موقایسە لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبوو، پشتیوانێکی دەرەکیمان نەبوو، پشتیوانی نێونەتەوەییمان نەبوو، درۆ و بوختانی زۆر زێهنی خەڵکی ئێرانی پڕ کردبۆو، بۆیە لە بارودۆخێکی زۆر نابەرابەر و نایەکساندا ئێمە ئەو بەرەنگارییەمان هەڵبژارد، بەڵام دیسانیش ئەمە شانازیێکی گەورە بوو و ئەو بڕیاری بەرەنگارییە کە دیارە بە ئێمە دانەمەزراوە و حیزبەکانی دیکەش و لایەنەکانی دیکەش کردیان، بەڵام بە هەر حاڵ ئەم بڕیاری بەرەنگارییە بڕیاری وەستانەوەیە کە هەر لە هەمان ڕۆژدا بوو بە خاڵی دەستپێکی موقاومەتێک، خەباتێک، شوڕشێک کە ٤٠ ساڵیشە گڕەکەی نەکوژاوەتەوە لە کوردستان. جاری وایە نزم بووە جاری وایە بەرز بۆتەوە، بەڵام ئەوەش خاڵێکی دیکەیە کە سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەتوانین بڵێین.
لە لایەکی دیکەوە چەکدار کردنی ژنان و هێنانی ئەوان بۆ ڕیزی پێشەوەی پێشمەرگایەتی و تەنانەت مەسئولییەت، وتار دان، قسە کردن، مەسئولییەت وەرگرتنی سیاسی و بەعزە جار نیزامیش تەنانەت ئەوانە هەمووی بۆ ئەو سەردەمە کارێکی زۆر زۆر پێشەنگانە بوو. زۆر دژە باو بوو، زۆر دژایەتیشی تەنانەت هەڵخراند بۆ ماوەیەک، بەڵام کۆمەڵە یەکەم حیزبی هەموو پارچەکانی کوردستان بوو کە توانیوێتی ژنان چەکدار بکات ئەوەش نۆێ گەرییەکی دیکە و پێشەنگایەتییەکی دیکەیە کە دەگەرێتەوە سەر هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە.
خاڵێکی دیکەش دەساڵ خەباتی پڕ بە پانایی هەموو کوردستان حەماسەی زۆری خوڵقاندووە، لە هەموو لایەکەوە لە کوردستان ئەوەی کە دەگەڕێتەوە سەر کۆمەڵە زۆر فەسڵی پڕشەنگدار و لاپەڕەی پڕشەنگدار لەو خەباتەدا هەیە کە تاڕادەیەک تۆمار کراون، بەڵام زۆریشی هێشتا نەکراون هیوادارم هەمووی تۆمار بکرێ، حەقی خۆیەتی ئەوانە بەڵگەمەند بکرێن و بهێڵدرێنەوە بۆ ئەوەی داهاتوو نەوەکانی داهاتوو بزانن ئەگەر ڕۆژێک ئازادی خۆیان بەدەست هێنا کە دڵنیام بە دەستی دێنن بزانن پێش ئەوان چ فیداکارییەک، چ زەحمەتێک، چ مەینەتییەک، چ تێکۆشانێک، چ سەختی کێشانێک لە ئارا دابووە و ئەو دەستکەوتانە چۆن بە دەست هاتووە.
 هەموو ئەمانە پێشەکییەک بوو زۆرتر بۆ وەبیرهێنانەوەبوو. مەبستمە بڵێم هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەبێ لە داهاتوودا چۆن بێ و ئەوە من دەباتە سەر بارودۆخی ئێستای ئێران. بارودۆخی ئێستای ئێران دیارە بارودۆخی سیاسییەکان، ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کەس پیش بینی ناکرێن تا ئێستا بەو هەموو هۆشی مەسنووعیش کە لە دنیا هەیە ئەوانە هێشتا قابلی پێش بینی نین بۆ هیچ زێهن و مێشکێک ،هەر بۆیەش ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەقینەوە سیاسییەکان، گۆڕانکارییەکان، ئەوانە زۆر ڕەنگاو ڕەنگ، زۆر فرە چەشن زۆر غەیرە قابلی پێش بینین. زۆرگیاندار و زیندوون ئێمەش ناتوانین پێش بینی سەتاسەتی داهاتووی ئێران بکەین، بەڵام بە هەموو لێک دانەوەیەک بە هەموو لێکدانەوەیێکی نەک هەر خۆمان هی هەموو کەس و لەوانە خۆشیان دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئاڵوگۆڕ لە ئێراندا لە هەمیشە زیاتر لە ئارادایە، زیاتر لە ئاجێندا دایە و ئەو گۆڕانکارییە بێ گومان کوردستان دەگرێتەوە، نەک هەر کوردستان کە جێی خۆیەتی تا ڕادەیەکی زۆر پێشەنگایەتی بکات و هیواداریشم هەر وابێ، بەڵام لەو ئەرکەدا شتێک دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و هێزی دێمۆکرات یا هەر حیزب و ڕێکخراوێکی دیکەش کە هێزی پێشمەرگەی هەبێ ئەوانە چۆن بەرەو ڕوو دەبنەوە لەگەڵ بارودۆخی ڕوو لە گۆڕانکاری ئێران لە دەورەی داهاتوودا!؟ من ئەوەم دەتوانم بڵێم نیزیکەی ساڵێکە یا زۆرتر لە ساڵێکیشە نەک هەر لە نێو خۆمان لەگەڵ دۆستانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هێناوەتە ئارا و پێموایە ئەمڕۆ جێی خۆیەتی کە لێرەش باسی بکەم، ئەویش ئەوەیە من پێم وایە بە گشتی بۆ ئەم ڕووداوانە ئێمە دەبێ ئامادەگییەکی زیاترمان هەبێ لەوەی هەمانە. هەر حیزبەی بۆخۆی چ ئامادەکارییەک دەکات ئەوە حەقی خۆیەتی، بەڵام کۆمەڵێک ئامادە کاری هەیە کە هەموومان دەگرێتەوە و دەبێ قۆڵی لێ هەڵماڵین و زۆر شت هەیە کە نابێ بکەوێتە بەر ڕقابەت و ململانەی حیزبایەتی، بەڵکوو دەبێ هەماهەنگی و هاوکاری و هاودەنگی لەسەر بکرێ بۆ ئەو دەورەی داهاتوو من پێموایە حەقە حیزبەکان دانیشن و چۆن لە ئێران «دەورەیەکی گوزار» دەکرێ قۆناغێکی تێپەڕینمان دەبێ ئێمە لە کوردستان بۆخۆمان دەورەی گوزاری خۆمان دەبێ، قۆناغی تێپەڕینی خۆمان دەبێ تەعریف بکەین. لەو دەورەیە درەنگ یا زوو ئەو ڕژیمە تووشی هەڵوەرین و داڕمان دەبێ، هەموو ئاسەوارەکەی خۆی نیشان داوە واش نەبێ یانی لە کاتێک دا تەئخیری بێ پاش وپێشی هەبێ ئێمە هەر دەبێ لە ئێستاوە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین. یەکێک لە گەورەترین ئامادە کارییەکان بریتییە لەوەی ئێمە بە گشتی بتوانین بە تایبەت ڕووی من لە «ناوەند»ە و ڕووی من لە هەموو حیزبەکانی کوردستانە، ڕووی من لە هەموو لایەنێکی دڵسۆزە، ڕووی من لە هەموو کوردێکی تێکۆشەرە تەنیا ڕیزەکانی کۆمەڵە ناگرێتەوە، ئێمە دەبێ خۆمان بۆ ئەو سەردەمە ئامادە بکەین. خەڵک دەبێ خۆیان ئامادە بکەن، تێکۆشەران دەبێ خۆیان ئامادە بکەن، پۆل و شانە نەهێنییەکان دەبێ خۆیان ئامادە بکەن، تێکۆشەرانی قەدیمی، پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵە کە لە وڵاتن دەبێ خۆیان ئامادە بکەن، بەڵام هەمووی ئەوانەش دەبێ تەکمیل بکرێ وەختی خۆی دەبێ ڕەهبەری بکرێ بە وەسیلەی ئەو ئیجتماعەی کە خۆشبەختانە لە ناوەندی هاوکاری دروست بووە. من پێموایە گەورەترین کارێکی کە ئێمە دەبێ بیکەین بریتییە لەوەی «هێزی پێشمەرگەی کوردستان دروست کەین» و ئەوە بە یەک لایەن ناکرێ و من ناتوانم یەک لایانە خۆم ناوبنێم هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە مەعنای زێهنی و تەلویحییەکەی ئەوەیە خەڵکی لێ دەردەهاوێم. ڕێگاکەی ئەوە نییە ڕێگاکەی ئەوەیە بۆ هەمکاری و هاوئاهەنگێکی نزیک لەگەڵ یەکتری، دانیشین بۆ بەرنامەڕیژییەکی ورد کە عەمەلییە، شتی وا دەکرێ بیکەین، قابلی ئەنجام بۆ هاوکاری و هاو ئاهەنگێکی ئاوا وەک دەورەی داهاتوو تاوتۆ بکەین و بە نەتیجەیەکی هاوبەش بگەین و ئەو نەتیجە هاوبەشەش دەبێ ئەساس و بنەمایەکەی لەسەر ئەوە بێ ئیدارەی هاوبەشی کوردستان بۆ ماوەیەک بۆ وێنە بۆ ساڵێک و تا تێپەڕاندنی قۆناغی بشێوییە، تا سەقامگیرییەک پێکدێت بە هاوبەشی و بە بەرنامە بەڕێوە ببرێت. دەبێ ئیدارەیەکی هاوبەش لە کوردستان هەبێ و ئەو ئێدارە هاوبەشە نەک فەقەت حیزبەکان بەڵکوو هەموو لایەنە دڵسۆزەکان دەبێ لە خۆ بگرێ. ئەو ئیدارەیە دەبێ هێزی پێشمەرگەی کوردستان ببێ بە یەک هێزی یەک گرتوو، ئینتمای حیزبی ببێ هەر کەسە لە نێو خۆیدا دەتوانێ بیبێ، بەڵام لە چوارچێوە و قەوارەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی نیشتمانی کوردی دا، دەبێ ئەو هێزانە یەکبگرنەوە ئەگەر وانەکەین ئێمە چەندین فورسەتی گەورە لە دەست دەددەین. ئەگەر وانەکەین مەعنای ئەوەیە لە دەروازەی هەر شارێک نەک ٤ بەڵکوو چەندین سەیتەرە و پرسگە و بازگەمان دەبێت.
ئێمە میلەتێکین ئیستحقاق و شیاوی بەڕێوە بردنی خۆمانمان هەیە. توانای بەڕێوەبردنی خۆمان وەک میلەتێک هەیە. ئەگەر وا نەکەین ناکۆکی لێ دەکەوێتەوە، ئاڵۆزی لێ دەکەوێتەوە، دڵساردی لێ دەکەوێتەوە. ئێمە دەبێت یەک هێزی پێشمەرگە پێک بێنین و ئەو هێزی پێشمەرگەیە کە ئەمنیەت و ئاسایش و نەزمی کوردستان بپارێزێ. ئەگەر لەدەورەی بشێوەدا کە هیوادارم ڕاپەڕینێک بێت ئاسەواری کۆماری ئیسلامی لەناو بەرێ، قسەکەم لەو قۆناعە و قۆناغی بلافاسیلە بەشوێن ئەوەدایە، ئەگەر هێزێك هەبێت بتوانێ ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵکی کوردستان بپارێزێ ئەو هێزە ئینتیزامییە کوردییە دەبێت لە هەموو حیزبەکان و لەیەک هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان پێک بێت. حیزبەکان لەجیاتی ئەوەی بە دیاردەی چەکداری تایبەت بەخۆیانەوە و هەرکامە بچن و هەرکامە پێشمەرگەی خۆیان، میلیشیایی خۆیان هەبێت کە هەر ناوێکی لێبنێن ناویشی بنێن بەتەنیا هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەر میلیشیایی حیزبەکەیانە. لە ڕاستیدا وەختێک ئێمە لە حاڵەتی میلیشیای حیزبی دێینە دەرێ، لە حاڵەتی هێزی چەکداری پێشمەرگەی ئەم یا ئەو دێینە دەرێ بە هەموو شانازی ڕابردوشەوە، بە چل ساڵ خەباتەوە، بە چل ساڵ قوربانییەوە کە بەڕاستی نەک هەر حیزبەکەی ئێمە لایەنەکانی دیکەش لاپەڕەی زێڕین و شکۆداریان تۆمار کردووە بۆ خۆیان لە کوردستان، بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە وەختی ئەوە هاتووە ئەم قاڵبە بگۆڕین بیکەینە قاڵبی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سوپایەکی نیشتمانی گشتی کوردستان. دیارە داوتەڵەبانی تازەش کە دێنە ئەو ڕیزەوە فێرگەی پێشمەرگایەتی کە دەست نیشان دەکرێ و ڕێکدەخرێ بۆ هەموویانە و هەموو ئەو شتانەی دەیڵێم وەکو هەموو دنیا. ئێمە ئەوکات بەرەو تەبدیل بوون بە نەتەوەیەکی ڕاستەقینەی شیاوی ئیداری خۆی دەچێنە پێشەوە کە هێزی پێشمەرگەمان وەکو ئەرتەش لە نیهادی دەوڵەتی و تابعی نیهادی دەوڵەت، تابعی نیهادی ئیداری وڵات بێت. تابعی پەرلەمانی ولاتەکە بێت. دیارە تەجرەبەی مەنفیمان لە جێگەی دیکەش هەیە هەیە کە تائێستاش بەو دەردەوە ناڵاندویانە و لە ڕابردوودا تەجرەبەی مەنفی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خۆشمان هەر هەیە، ئەمە ئەگەر کرا جا ئەو وەختە دەبێت لەسەر ئەو بەرنامانەش ساغ بینەوە، چۆن خەدەمات دەپارێزین لە کوردستان، ئێمە دەمانەوێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێک و مەکان بدرێ، بەڵام نامانەوێ کوردستان تێک و مەکان بدرێ. نامانەوێت خەدەمات تێک و مەکان بدرێ، پەروەردە چی لێدەکەیت، پەروەردە بپارێزین بۆ منداڵانی کوەدستان، دەبێت نەخۆشخانەکان و پزشکەکان و پەرەستارەکان و دامودەزگای پزشکی بپارێزین بۆ سڵامەتی و تەندروستی خەڵکی کوردستان. دەبێت ئاو کارەبا و گاز، وەسیلەی هاتوچۆ و ئەمنیەتی ڕێگاوبان و ئەمنیەتی تاکەکان بپارێزن لە کوردستاندا. دەبێت لە زوتترین کاتدا سەرەتاکان نیزامێکی یاسایی، ناڵێم نیزامێکی بەتەواو دیموکراتی گەشەکردووی یاسامەند، ئەوە بابمێنێتەوە بۆ دواڕۆژ کە تێیدا لە کوردستاندا ئینتخابات دەبێت، بەڵام سەرەتای کارە یاساییەکان هەڵوەشاندنەوەی یاسا هەرە کۆنەپەرستەکانی کۆماری ئیسلامی، کۆکردنەوەی قازی و وەکیلانی کوردستان، یاساناسانی کوردستان بە شێوەیەکی ئۆرژانس و داوالێکردنیان بۆ ئەوەی ژمارەیەک قانوون حیزب نییە، قانوون هی وڵاتە، قانوون هی نیشتمانێکە، هی سەر زەمینێکە، هی میلەتێکە، ئێمە دەبێ بتوانین هەموو یاساناسەکان لە کوردستان کۆبکەینەوە لێژنەیەکیان لێ پێکبێنین وە داوایان لێبکەین کە ئەوانە یاساسەرەیاییەکان بۆ ئیدارەی کوردستان بنووسن، لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕژیم چی دەکەی؟! هەر کەسە بۆخۆی دەست نەداتە شتێک یاکەسێک سزابدا بە نایاسایی یا کەسێک ببخەشێ و لێی خۆش بێ بەنایاسایی، کە ئەوانە دەتوانن کێشەی گەورەیان لێبکەوێتەوە. دەتوانن هەم بێ بەزەیی بوون و بێ ڕەحمی بوونی زۆری لێبکەوێتەوە و هەم مەجال بە فورسەتتەڵەبان دان بێتە بن پاڵی حیزبەکەی من وە یان بێتە بن پاڵی حیزبەکەی تۆوە و بڵێ بەو جۆرە خۆی لە سزا بپارێزێ. هەردووک لەوانە مەنفین ئێمە دەبێ ئەو یاساناسانە کۆبکەینەوە یاسایان پێ دابنێین، ئێمە دەبێ خەدەماتی کوردستان بپارێزین. ئەگەر گوفتوگۆ لەگەڵ تاران کرا، ئەگەر هاوکاری لەگەڵ تاران کرا بتوانین ئەو گفتوگۆیەوە ئەوانە بۆ دواترە، بەهەر حاڵ وەکو یەک هەیئەتی موشتەرەکی کوردی نەک هەیئەتی حیزبی گفتوگۆ لەگەڵ تاران بکەین، دامەزراندنی پەروەردەیی بە زبانی کوردی، دەبێ کارشناسان و پسپۆڕانی بۆ کۆکەیەوە، کتێبێکی پەروەردەیی کۆمەڵە و کتێبێکی پەروەردەیی دیموکرات بێ بە دوو جۆر دەرس بخوێنین؟! ئێمە ئەسڵەن دەرسەکەمان چۆن بێ؟! ئەمە دەزانم ساڵەهای کار دەوێ، بەڵام دامەزراندنی سەرەتاکانی دامەزراندنی بنەماکانی دیسان دەبێ مامۆستاکان کۆکەینەوە دیسان دەبێ پسپۆڕانی ئەو بوارە کۆکەینەوە و هەوڵبدەین لەو بوارەشدا کار بکرێ.
 ئێمە سەرچاوەی ئاوی گەورەمان هەیە، چۆنی دەپارێزی؟! کوردستان ئەو ئەهمیەتێکی ستراتیژیکی هەیە، سەچاوەی گەنم و غەلاتە، چۆنی دەپارێزین؟! سیلۆکان چۆن دەپارێزین؟! لەوانەیە خەڵک تووشی برسێتی بن، بەو هەژارییەی کە ئێستا هەیە خەزانەی دەوڵەت خاڵییە، بشڕوخێ ئەو دەوڵەتە خەزانەی دەوڵەت خاڵییە، بەڵێ گیرفانی گەندەلەکان پڕە، بەڵام خەزانەی دەوڵەت خاڵییە. تۆ چۆن کارێکی وادەکەی لانی کەم ئیحتیکار نەکرێ؟! لانی کەم غەڵات بەشی نان خواردن بەشی بژێوی خەڵک تاڵان و بڕۆ نەکرێ یا ئیحتیکار نەکرێ!؟ یاسا دەرنەکرێ بۆ جێیەکی دیکە، تاڵان نەکرێ لە لایەن هێزێکی دەرەکییەوە. زۆر کار هەیە پاراستنی کوردستان لە زەرەرو زیانی گەورە، ئەوانە زۆر گرنگن لەگەڵ دراوسێکانمان. ئێمە دراوسێی ئازەربایجانی و تورکمان هەیە چۆنیان تەعامول لەگەڵ دەکەین!؟ هەر کەسەو بۆخۆی دەچێ شتێک دەکا! ئەوانە هەمووی پێویست دەکەن بۆ دەورەی داهاتوو ئێمە دانیشین گەڵاڵەیەکی فرە لایەنمان هەبێت کە تێیدا لەسەر بنەمایی ئیدارەی موشتەرەکی نەتەوەیی کوردستان دامەزرابێ.  هێزی پێشمەرگە پارێزەری ئەمنیەت و ئاسایش و سنوورەکانی کوردستان بێ، نەک هێزی حیزبی بێ. حیزبەکان بەشی خۆیان یارمەتی بدرێ لە پەروەردەوە هەتا دامودەزگای قەزایی هەتا خەدەمات، تا پزشکی، تا ئاو، تا غەڵات، تا ژیان، تا پاراستنی کەرامەتی ئینسانەکان وە زەمینە خۆشکردن بۆ ئەوەی ئینتخاباتێکی ڕاستەقینەی داهاتوو لە کوردستان بکرێ. ئەوسا بزانین کوردستان چ ستاتوسێکی دەبێ؟! ئەو وەختە لە ئێران ئەو بۆخۆی باسێکی جیاوازە. خەیاڵم هەیە بڵێم لە پاڵ ئەوەدا کە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەبێ پەروەردەی خۆی زیاترو زیاتریش تێبکۆشێ دەبێ بۆ بەهێزکردنی خۆی تێبکۆشێ. ڕەنگە هەموو حیزبێک مافی خۆی هەبێ، بەڵام ئەمانە هەمووی تاوەختێکە کە ئەو گەڵاڵە گشتگیرەمان ئێمە لە کوردستان نییە بە نەبوونی ئەو گەڵاڵەیە حەتمەن هەر حیزبە هەوڵدەدە و تێدەکۆشێت ئحساسی مەسوولی خۆشی بەکار بەرێ وادەکەین ئێمە، بەڵام بەدڵنیایەوە کوردستان نزم دەبێتەوە وەکو دەڵێن شانی کز دەبێت لە بەرامبەر درواسێکانی قابیلی دەستکاری کردن و دەست تێوەردان دەبێ ئەگەر ئێمە بەچەند هێز بچینەوە کوردستان. قابیلی بەهرە بەرداری بۆ هێزی دەرەکی دەبێت هەر کەسە دێو کەسێکمان دەبینێ هەر کەسە دێو کەسێکمان بە دژی کەسەکەی دیکە. سەرخۆشی دەداتەوە ئەوانە، چوون ئەوانە لە مێژووی ڕابردوو نزیک و ڕابردووی هەرەدووری کوردستاندا بوون. برا لەگەڵ برا کراوە بە دوژمن. کوڕ لەگەڵ باوک کراوە بە دوژمن. لەم کوردستانەدا چۆن بکەین وانەکەین چۆن پتەوی و یەکگرتووی خۆمان بپارێزین؟! چۆن لە باشترین موقعییەت قەرار بگرین بۆ ماف خوازییەکانمان، بۆ پێداگریەکانمان چۆن بەجیهان نیشان بدەین کە ئەو میلەتە بۆ ئەوە دەبێ ئیدارەی خۆی بسپێریە دەستی!؟ ئەو میلەتەی کە تووشی ئەو هەمووە شپرزەییە و هیوادارم نەبێ، بەڵام ئەگەر موقەدەری کرد و تووشی شەڕی ناو خۆیی دەرگیری ناو خۆیی بوو، تووشی ململانێ زیاتر لە حەد و مودیرییەت نەکراوی داخڵی بوو، بە نەزەری من ئیعتباری نێونەتەوەیی دەرەکی خۆشی لەدەست دەدا. لەبەرچاوی بڕوابەخۆشیان لەدەست دەدەن.
 نەسلی جەدیدی ئێمە بڕوا بەخۆیی لەدەست دەدا بۆ ئەوەی کە بتوانێ قەد عەلەم بکا، غروری دەشکێ لە موقابل خەڵکی دیکەدا. بۆ پاراستنی هەموو ئەوانە بۆ دڵخۆش کردنی هەموو خەڵکی وەک پێشمەرجێک بۆ ڕاپەڕین سەرکەوتووانەی کوردستان، من لەو بڕوایەدام حەتمەن دەبێ گەڵاڵەیەکی هاوبەش کارلێکراوە -نابێ قسەی لایەکی بەرێ- دەبێ قسەی هەموو لایەنەکان بێ، دەبێ بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان بێ، بەرژەوەندی باڵای گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بێ، لەسەر ئەو ئەساسە ئیدارەی هاوبەش، هێزی پێشمەرگەی هاوبەش، گەڵاڵەی هاوبەش بۆ داهاتوو و ئەگەر بەختەوەر بین هیوادارم فریای ئەوەش بکەوین بەختەوەر بین پێش ئەو گۆڕانکاریانە ئەگەر ئەمە بەوجود بێنن لەو دۆخەدا بە قەویترین و باشترین نەوع دەتوانین لە ڕوداوەکانی ناوخۆیی ئێرانیشدا دەخاڵەت بکەین. مەرجەعێک بە وجود بێنین مەرجەعێک کە چاوی ئومێدی هەموو خەڵکی کوردی ببینن بێتە مەرجەعی ئومێدی هەمووان. پارچەکانی تر بە نموونە باسی بکەن و لە ئێرانیشدا دەنگدانەوەیەکی زۆر موسبەت و چالاکی هەبێ.
 من پێم وایە ئەوە دیارە بڕیارێکی سیاسییە، تەنیا بڕیارێکی پێشمەرگانە نییە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و هەموو هێزێکی دڵسۆزی پێشمەرگەی دیکەی کوردستانیش دەگەڕێتەوە و دەبێ بگرێتەخۆ. ڕەنگ بێ لەو چوار لایەنەی ناوەندەوە پێبکرێ، بەڵام نابێ بەبڕوای من بەوانیشەوە مەحدود بێ و پێم وایە ئەگەر ئەو کارە بکەی وە سوور بین و ساغ بین لەسەر ئەوە دەتوانین ئێمە هێزی گەوەرەی کۆمەڵایەتی لە کوردستان پێک بێنین. بۆیە من ئارەزووم ئەوەیە پێشنیهادم ئەوەیە کەلەسەر ئەو بەرنامەیە کار بکەین وە هیواداریشم پێی بگەین ئەمە تەراوشی زوینی من نییە، ئەوە قسەی دڵی هەموو کەسە، من لێرەدا درفەتم درایە لەم تریبوونە قسەی دڵی خەڵکم کردووە، داهێنان و ئیبتکاری من یا هیچ کەسێکی دیکە نییە، ئەوە ویستی قەلبی هەموو بەشی هەرە هەرە زۆری خەڵکی کوردستانە. ئێمە دەبێ وەڵام دەرەوە بەو داخوازیە بین، وەڵام دەرەوە بەو ویست و ئارەزوە بن ئەگەر ئەوە بکەین دەستمان قەوییە و بەرگی بەرەندەمان پێیە بۆ مافخوازییەکانی سبەی ڕۆژمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
پێشم خۆشە لە کۆتایی وتەکانمدا ئەم ڕۆژە لە هەموو پێشمەرگە دێرینەکان کە ئیجازەیان دا پێشمەرگەی کۆمەڵە شکڵ بگرێ، بەرگە بگرێ ئەو هەموو فەرهەنگ و سونەتە جوانە لە ناوخۆییدا پەروەردەبکا، هەزاران شەهید پێشکەش بکا، بەڵام دیسانیش بەدەنەیەکی قەوی لە هێز و لە کادر فەراهەم بکا، مایەی شانازیمانن ئەمڕۆیان بۆ ئێمە خوڵقاند پیرۆزبایی دەکەم لە پێشمەرگە تازەکانیش لە وانەی هی نەسلی تازەترن چونکە درێژەدەری ئەو ڕێگا پڕ لەشانازیەن پیرۆزبایی دەکەم لەهەموو بنەماڵەی شەهیدان ئەوانەی تاجی سەری ئێمەن، پیرۆزبایی دەکەم لە هەموو بنەماڵەی کەم ئەندامان لە بنەماڵەی هەموو تێکۆشەرانی کوردستان پیرۆزبایی دەکەم. هیوادارم ڕۆژانێکی خۆش، ڕۆژانێکی پڕ لەسەرکەوتوویی، ڕۆژانێک بتوانین بەری ڕەنج و زەحمەتی ئەو هەموو پێشمەرگە دێرینە سەرەنجام بێنینە بەرهەم بۆ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران ئیتر لەوە زیاتر کاتتان ناگرم و سپاس بۆ ئێوە.

ئه‌م بابه‌ته 836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:01:02/07/2020